ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، " بۆ ماوەیەکی زۆر پۆڵ و خێزانەکەی ئازار دەچێژن لە ئەنجامی بڕیارەکەی حکومەتی ڕووسیا بۆ دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بە شێوەیەکی نایاسایی."
ئەم وەرزەی پشووە، پێنجەم ساڵە پۆڵ وێڵن لە گرتوخانەیەکی ڕووسیا ژیان بەسەر دەبات، ئەمەش کارتێکە لە گەمەی جیۆپۆلیتیکی ڕووسیادا، هەتا وەک گوشارێک دژ بە ئەمەریکا بەکاربهێنرێت.
پۆڵ وێڵنی تەمەن پەنجا و سێ ساڵ لە کەنەدا لەدایکبووە و لە ئێستادا خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی، بەریتانی، ئیرلەندی و کەنەدییە. بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک کارمەندی کارگێڕی لە ھێزی دەریایی ئەمەریکا خزمەتی کردووە. دوای گەڕانەوەی بۆ ژیانی مەدەنی لە ساڵی ۲۰۰۸دا ، وێڵن وەک بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی جیهانی و لێکۆڵینەوە کاری کرد لە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی دروستکردنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل کە بنکەی لە ویلایەتی میشیگانە. لە سەرەتای ساڵی ۲۰۰٦، بە بەردەوامی دەستی بە سەردانیکردنی ڕووسیا کرد و لە ماڵپەڕێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی بە زمانی ڕووسی چالاکبوو.
لە مانگی دووانزەی ساڵی ۲۰۱۸، وێڵن گەیشتە مۆسکۆ بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگی هاوسەرگیری هاوڕێیەکی پێشووی لە هێزەکانی مارین. ئەو لە ٢٨ ی مانگی دووانزەدا لەلایەن ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیاوە دەستگیرکرا و تۆمەتبارکرا بە سیخوڕیکردن، ئەو تۆمەتانەی کە خێزانەکەی و حکومەتی ئەمەریکا سوورن لەسەر ئەوەی بە تەواوی بێ بنەمایە. لە ۲۰ی مانگی حەوتی ۲۰۲۰، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دەستگیرکردنی، پۆڵ ویلان لە دادگاییکردنێکی داخراودا لە زیندانێکی ڕووسیا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تاوانبارکرا و سزای ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ئەو ئێستا بەندکراوە لە زیندانێک لە ناوەڕاستی ڕووسیا کە بە توندی پاسەوانی دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت " ۲۸ی مانگی دووانزە، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت لەو کاتەوەی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بە هەڵە پاوڵ وێڵنی هاووڵاتی ئەمەریکایان دەستگیرکردووە." دوای دادگاییکردنێکی نهێنی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، پۆڵ چەندین ساڵە لە زیندانێکی سزادانی ڕووسیادا کار دەکات. تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دەستدرێژی لە لایەن بەندکراوانی ترەوە و هەروەها هەراسانکردن لەلایەن میدیاکانی دەوڵەتی ڕووسیاوە بووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بلینکن وتی " بۆ ماوەیەکی زۆر پۆڵ و خێزانەکەی ئازار دەچێژن لە ئەنجامی بڕیارەکەی حکومەتی ڕووسیا بۆ دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بە شێوەیەکی نایاسایی." وتیشی "بەکارهێنانی خەڵک وەک کارتێکی سیاسی جێی قبوڵکردن نییە. لەو کاتەوەی سەرۆک بایدن لەسەر دەسەڵاتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زیاتر لە ٤٠ دەستگیرکراوی نایاسایی ئازادکردووە، وە ڕۆژێک تێپەڕ نابێت بەبێ هەوڵە چڕەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ گەڕاندنەوەی پۆڵ بۆ وڵاتەکەی. ئێمە پشوو نادەین هەتا بە سەلامەتی نەگەڕێتەوە بۆ لای خێزانەکەی."