ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
توماج ساڵحی لە مانگی دەدا دەستگیر کرا و بۆ چەندین مانگێک خرایە زیندانی تاکەکەسییەوە، دوای ئەوەی ئەو گۆرانی و گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکردەوە کە تیایاندا پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی ناو وڵاتەکەی دەکرد.
Your browser doesn’t support HTML5
کاربەدەستانی ئێران جارێکی دیکە نیشانیان دایەوە کە لە خەڵک دەترسن.
گۆرانیبێژی ناسراوی ئێرانی، توماج ساڵحی کە بە شێوازی ڕاپ گۆرانی دەچڕێت، سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانی درا لەسەر بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانە پان و بەرینەکانی بە ئاشتییانە لە پایزی ساڵی ڕابردوو لە سەرانسەری ئێران لە دژی ڕژێم ئەنجام دران لە پاش مەرگی مەهسا ئەمینی لە کاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە بەهۆی شێوازی پۆشینی حیجابەکەی.
لە ماوەی ئەو سەرکوتە توندوتیژانەیەدا، دەیان هەزار کەس لە لایەن ڕژێمەوە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکران؛ 500 کەس کوژران، و حەوت کەسیش لەسێدارەدران.
توماج ساڵحی ، تەمەن 32 ساڵ، لە مانگی دەدا دەستگیر کرا و خرایە بەندیخانەی تاکەکەسی دوای ئەوەی ئەو گۆرانی و گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکردەوە کە تیایاندا پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکان دەکات. لە ڤیدیۆیەکدا کە لەسەر یوتیوب زیاتر لە 450 هەزار بینەری هەبووە، ساڵحی بە شێوازی ڕاپ گۆرانییەک دەچڕێت بە ناوی "تاوانی کیژێک سەماکردن بە قژی بوو لە شنەی بادا."
دوای دەستگیرکردنی، میدیای حکومەتی ئێران گرتە ڤیدیۆیەکی ساڵحی بڵاوکردەوە، تیایدا چاوی بەسترابووەوە و ئاسەواری شینبوونەوەی پێوەبوو. لە ڤیدیۆکەدا داوای لێبوردن دەکات و دەڵێت "هەڵەی کردووە." بەڵام وەک لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕوونکراوەتەوە، دادگاکانی ئێران" بە شێوەیەکی ئاسایی دانپێدانان وەک بەڵگەیەک لەبەرچاو دەگرن کە زۆر جار لە ڕێگای زۆرەملێ یان ئەشکەنجەدان بەدەستهاتوون."
ساڵحی بە گەلێک تاوان تۆمەتبار کرا، لەوانە هاندانی توندوتیژی و "گەندەڵی لەسەر زەوی" و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە. بەڵام تۆمەتەکانی هاوکاری لەگەڵ حکومەتێکی دوژمنکار و سووکایەتیکردن بە ڕێبەری باڵای شۆڕش لەسەری لابردران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیۆ میللەر حوکم و بەندکردنی توماج ساڵحی بە جێگەی "دڵتەنگی و نیگەرانی" ناوبرد و گوتی ئەمەریکا بەردەوامدەبێت لە "چاودێریکردنی دۆخەکەی".
گوتەبێژ میللەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد توماج ساڵحی"بە بەردەوامی ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی بە نوێنەری یاسایی لێ زەوتکراوە. دادگاییکردنەکەی لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە بەڕیوەچووە، دوای ڕاپۆرتەکانی مانگی چوار بە پەلە پێویستی بە چاودێریکردنی پزیشکی هەبوو بەهۆی ئەشکەنجەدانی لە میانەی دەستبەسەرکردنەکەی." وتیشی "مامەڵەی بێڕەحمانەی ڕژێم لەم پرسەدا زۆر جێگەی نیگەرانییە، بۆیە دەبێت کۆتایی بەو شێوازی مامەڵەیە بهێنرێت، وە داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکەین ساڵحی و هەموو بەندکراوە سیاسییەکان ئازاد بکەن."
"جیهان چاودێری دەکات، وە بەردەوامدەبین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان بۆ لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ئێران لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ."