ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی فینلاند و سوید ئامادەن ببنە ئەندامی فەرمی هاوپەیمانی ناتۆ.
Your browser doesn’t support HTML5
"فینلاند و سوید ئامادەن ببنە ئەندامی فەرمی هاوپەیمانی ناتۆ." وەک ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند دوای کۆبوونەوەکەی واشنتۆنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتەی باکووری ئەوروپا.
هەردوو وڵات دوای مێژوویەکی درێژخایەن کە هاوپەیمانی لەشکریی نەبوون لە ناتۆدا، بە فەرمی لە مانگی پێنجدا داوای ئەندامێتییان کرد دوابەدوای هێرشی زیاتری بێ پاساوی کرێملن بۆ سەر ئۆکراین. لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، بلینکن، وەزیری دەرەوە دەڵێت "فینلاند و سوید بە تەواوی تێدەگەن لەوەی چی دەگوزەرێت لە بەرامبەر ئۆکراین و ناتۆ و هەموو جیهانیش لەم ساتەوەختە هەستیار و ئاڵۆزەدا."
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت " لەمساڵدا سوید و فینلاند بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هاوکاریی ئاسایشی و مرۆیی و یارمەتی دیکەیان بۆ ئۆکراین ناردووە. هەردوو وڵات لەم ماوەیەی ڕابردوودا گەورەترین کۆمەکی سەربازی خۆیان ڕاگەیاند. سویدییەکان و فینلاندییەکان پێشوازییان لە دەیان هەزار ئاوارەی ئۆکراینایی کردووە بۆ ناو کۆمەڵگەکانیان. وەک ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، هەردوو وڵات بەشداریی هاوبەشەکانمانیان کردووە بە ئەندازەیەکی بێپێشینە لەو سزایانەی سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا تا تواناییەکانی کەم بکاتەوە بۆ بەرپاکردنی ئەم شەڕە."
بلینکن، وەزیری دەرەوە ئاماژەی کرد بەوەی هێزە سەربازییەکانی سوید و فینلاند لە کۆسۆڤۆ و ئەفغانستان و عێراق و لیبیا لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بەشداربوون و لەشکرەکانیشیان زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا کار دەکەن."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردەوە جەختیشی لەوەی هەردوو وڵات نەک تەنها لە ڕێگەی تواناییە لەشکرییەکانیانەوە هاوپەیمانی ناتۆ بەهێزتر دەکەن، بەڵکو لە ڕێگەی بەهاکانیشیانەوە.
دەشڵێت "پابەندبوونێکی جێگیریان هەیە بە دیموکراسی و یاسا و ڕێساکانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی ڕادەگرن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ."
بیست و هەشت وڵات، لە کۆی سی وڵاتی هاوپەیمان لە ناتۆدا لە ڕێگەی پرۆسەیەکەوە کە بە خێرایی بەرەوپێشچووە، پەسەندی ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتەیان کردووە. بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا نەیانکردووە.
بلینکن، وەزیری دەرەوە وەک ئاماژەی پێکردووە، سوید و فینلاند هەنگاوی پتەو و کۆنکریتیی بەرچاویان ناوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیا.
دەشڵێت "بەرەوپێشتریش دەچێت، بەهۆی کاری زۆر گرنگی ئەو دوو ڵاتە لەگەڵ تورکیا ئەنجامیان داوە و کردوویانە، کە بەم زووانە دەبنە هاوپەیمانمان لە ناتۆدا، هەربۆیە زۆر پێشبینی دەکەم کە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و بەم زووانە بگاتە دەرئەنجامێکی سەرکەوتووانە."
بلینکن، وەزیری درەوە باسیشی لەوە کردووە کە شەڕی دڕندانەی کرێملن دژی ئۆکراین ژمارەیەک شکستی بۆ ڕووسیا بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە سەرنەکەوتن لە شکستپێهێنانی ئۆکراین لە بەرەکانی شەڕدا، هەروەهاش لە سڕینەوەی سنوورەکان و ناسنامە و خەڵکەکە و خۆڕاگریی ئۆکراین.
بلینکن، وەزیری درەوە دەڵێت " لە کاتێکدا سوید و فینلاند خۆیان بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا ئامادە دەکەن، ڤلادمیر پوتن شکستی هێنا لەوەی هاوپەیمانێتییەکەمان لاواز بکات؛ لە ڕاستیدا ئەو، تەنها ناتۆی بەهێزتر کردووە."