ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ئێران سەرکۆنە دەکات

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی IAEA ، بڕیارێکی پەسەند کرد کە تیایدا ئێران بە هاوکاری نەکردنی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی سەرزەنشت دەکات.

Your browser doesn’t support HTML5

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ئێران سەرکۆنە دەکات

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی IAEA ، بڕیارێکی پەسەند کرد کە تیایدا ئێران بە هاوکاری نەکردنی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی سەرزەنشت دەکات.

بڕیارەکە بە پشتیوانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا بە 20 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی بێلایەن کە دەنگیان نەدا و دوو دەنگی نەرێی ڕووسیا و چین پەسەندکرا.

لە نێو زۆرێک لە پرسەکاندا، بڕیارەکە ئاماژەی بە "نیگەرانییەکی گەورەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی کردووە کە ماددەی ناوکی لە چەندین شوێنی ڕانەگەیەندراو لە ئێراندا هەبووە و ئاژانسەکە شوێنەکانی ئێستایان نازانێت. بڕیارەکە مەخابنی دەربڕی لە قەدەغەکردنی چەندین پشکنەری بەئەزموون لەلایەن ئێرانەوە، کە بەشداریکردنیان "بۆ ئەوەی بە تەواوی ڕێگە بە ئاژانسەکە بدات چالاکییەکانی پشتڕاستکردنەوەی خۆی لە ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدات، زۆر گرنگە" .

بڕیارەکە جەختی لەسەر ئەوە کرد کە گرنگە بۆ ئێران "چارەسەری کێشەکانی پارێزبەندی بکات کە تا ئێستاش هەڵپەسێردراون."

لۆرا هۆڵگەیت، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە لێدوانەکانی بۆ دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی ناوکی، ئێرانی بە "ئاستەنگێکی رژد بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی" ناوبرد .

لۆرا هۆڵگەیت وتی "یەکەم لەبەرئەوەی ئێران نەیتوانیوە هاوکاری یاسایی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزبەندی درێژخایەن پێشکەش بکات کە پەیوەندییان بە ماددە ناوکییەکانەوە لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکاندا هەیە. دەرئەنجامی ئەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ئەو متمانەیەی نییە کە پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە راگەیاندنەکانی ئێران ڕاست و تەواون."

دووهەم، باڵیۆز هۆڵگەیت ئاماژەی بەوەدا، کە " لێدانێکی تەپڵی بەهێزی نیگەرانکەر و بەردەوام هەیە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە کە هەڕەشە دەکەن کە ئێران ڕەنگە بە پرینسیپە ناوکییە ڕاگەیەندراوەکەیدا بچێتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران هەموو توانا تەکنیکییەکانی هەیە کە پێویستە بۆ بە خێرا دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئەگەر بڕیاریدا ئەو کارە بکات ."

لە کۆتاییدا باڵێۆز لۆرا هۆڵگەیت ئاماژەی بەوەدا کە وەڵامی ڕابردووی ئێران بۆ بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ، بەرەو هەڵکشان بووە نەک هاوکاری، لەوانە بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی لە سەدای 60 لە دامەزراوەی فۆردۆی خۆی . باڵیۆز هۆڵگەیت لە زاری ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی دەگێڕێتەوە کە دەڵێت " ئێران تاکە وڵاتە کە چەکی ناوکی نییە و هەتا ئەم ئاستە دەپیتێنێت."

لە کاتێکدا ئەمەریکا پشتگیری لەو بڕیارە دەکات کە لە 5 ی مانگی شەشدا پەسەند کرا، باڵیۆز هۆڵگەیت وتی" گرنگە بڕیارەکان بە ستراتیژییەکی فراوانترەوە بەسترابنەوە. دەبێت ئەم بڕیار هەنگاوی یەکەم بێت لە ستراتیژییەکدا کە بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام و کاریگەرە بۆ بەرنامەی ناوکی ئێران کە هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لەخۆ بگرێت".

باڵیۆز لۆرا هۆڵگەیت داوای لە ئێران کرد "لە چالاکییە ناوکییە ورووژێنەرەکانی پاشەکشە بکات و دواجار ئەو هاوکارییە تەواوەی کە پابەندبوونەکانی پارێزبەندی پێویستی پێیەتی پێشکەش بکات." ناوبراو رایشیگەیاند کە " دەرفەتی ئێران بۆ هەڵبژاردنی رێبازێکی جیاواز لەو رێبازەی کە گرتویەتیەبەر هێشتا کراوەیە".