ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
ڕۆژی 2ی مانگی سێ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ دەنگی دا بۆ شەرمەزارکردنی ئەو شەڕە بێ پاساوەی ڕووسیا لە دژی دەوڵەتی ئۆکرانیا.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕۆژی 2ی مانگی سێ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ دەنگی دا بۆ شەرمەزارکردنی ئەو شەڕە بێ پاساوەی ڕووسیا لە دژی دەوڵەتی ئۆکرانیا کە خاوەنی سەروەری خۆیەتی، وە داوای ئەوەی کرد " ڕووسیا دەستبەجێ هەموو هێزە سەربازیـیەکانی بە بێ مەرج لە خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە بۆ ناو سنووری وڵاتەکەی ئەوەی لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتیـیەوە دانیپیادانراوە."
دەنگدانەکە لە کۆبوونەوەیەکی کتوپڕ و ناوازەی ئەنجومەنی گشتیدا درا، لەو کاتەدا تانکەکانی ڕووسیا چوونە ناو شارەکانی ئۆکرانیا و موشەکەکانی ڕووسیا ژێرخانی شارستانی ئەو وڵاتەیان وێرانکرد و سەدان کەسی بێتاوانیان کوشت. 141 وڵاتی جیهان دەنگیان بە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا، بەڵام 5 دەوڵەتی دەسەڵاتخواز کە بریتیبوون لە ڕووسیا، بێلاڕووس، سوریا، کۆریای باکور و ئەریتریا دەنگیان لە دژی بڕیارەکە دا و 35 وڵاتێش دەنگیان نەدا لەوانە کوبا، چین، هیندستان، ڤەنزوێلا و ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلیکن گوتی " ئەم دەنگدانە دەریخست کە زۆرینەی زۆری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە توندی پشتیوانی لە بنەما بنچینەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن و پابەندن بە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و دژی هەوڵە سەرکێشەکانی ڕووسیا دەوەستنەوە کە دەیەوێت سنوورەکانی وڵاتێکی خاوەن سەروەری لە ڕێی بەکارهێنانی هێزەوە بگۆڕێت و خواستی خۆی بخاتە شوێن خواستی خەڵکی ئۆکرانیا."
سەرۆک جۆو بایدن گوتی دەنگدانەکەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی وڵاتان ئەوە دەزانن کە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا نەک هەر هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا بەڵکو هێرش دەکاتە سەر کۆڵەکەی ئاشتی و ئاسایشی جیهان، سەرۆک بایدن ڕاشیگەیاند " ئەگەر ڕووبەڕووی ڕووسیای پوتن نەبینەوە، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی ئاژاوە و دەستدرێژییەکی زیاتر بۆ سەر جیهان. ڕووسیا بە پشتیوانی تەنیا چوار دەوڵەتی دڕندە و دەسەڵاتخواز بە گۆشەگیری دەمێنێتەوە."
دوای دەنگدانەکە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "پەیامی ئەنجومەنی گشتی زۆر و ڕوون و ئاشکرایە؛ هەر ئێستا دوژمنکاریەکان لە ئۆکرانیا ڕابگرن. دەبێت ڕێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئۆکرانیا بگیرێت بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان."
لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای دەنگدانەکە ڕایگەیاند "با بەردەوام بین لە کارکردن پێکەوە بۆ پشتیوانیکردنی گەلی ئۆکرانیا" با هێز و ئامانجی ڕاستەقینەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەمووان نیشان بدەین."
سەرۆک بایدن ئاماژەی دا بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە "دامەزراوە بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی داهاتوو لە کارەساتی جەنگ." وتیشی "دەبێت ڕووسیا لەسەر کردەوەکانی بەرپرسیار بکەین وە دەشیکەین. دەشیسەلمێنین کە هەمیشە ئازادی بەسەر ستەمکاریدا سەردەکەوێت."