ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
پێنج ئەمەریکایی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئێران دەستگیرکرابوون گەڕانەوە بۆ وڵات.
پێنج ئەمەریکایی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئێران دەستگیرکرابوون گەڕانەوە بۆ وڵات. عیماد شەرقی، سیامەک نەمازی، مۆراد تاهباز و دوو کەسی دیکە کە نایانەوێت ناویان ئاشکرابکرێت، لە 19ی مانگی نۆدا پێیان لەسەر خاکی ئەمەریکا دانایەوە. ئازادکردنیان بە ئاڵوگۆڕی پێنج کەسی سزادراوی ئێرانی لە ئەمەریکا و دەستڕاگەیشتنی حکومەتی ئێران بە شەش ملیار دۆلار لە پارەی سڕکراوی ئێرانی کە تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی بەکار بهێنرێت، بەدی هات.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سوپاسی هاوبەشەکانی ئەمەریکا، عومان، سویسرا، قەتەر و بەریتانیای کرد کە هاوکاربوون لە ئازادکردنی زیندانییەکاندا.
"ئەمە مانای ئەوەیە کە ژن و مێردەکان، باوکان و منداڵەکانیان، داپیر و باپیران دەتوانن دووبارە یەکتر لە ئامێزبگرن، دەتوانن دووبارە یەکتر ببیننەوە، دەتوانن جارێکی تر لەگەڵ یەکتر بن."
بەڵام وەزیری دەرەوە بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەندەی ئێمە خۆشحاڵین بە ئازادی هاووڵاتیانی خۆمان، ئەوەندەش بیر لە بۆب لێڤنسۆن دەکەینەوە کە لەنێو ئەواندا نییە و پێشبینی دەکرێت مردبێت." لێڤنسن، کارمەندی پێشووی ئێف بی ئای، لە ساڵی 2007دا لە ئێران ڕفێندرا. حکومەتی ئێران ڕەتی کردەوە ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی چی بەسەردا هاتووە.
وەزیری دەرەوە بلینکن وتی "بەڵام میراتەکەی بۆب هەر زیندووە"
"بە شێوەیەکی بەهێز لە یاسای لێڤنسۆندا زیندوو دەمێنێتەوە، کە ئامرازێکی نوێ و گرنگی خستە بەردەستمان بۆ یارمەتیدان لە سەرکوتکردن و ڕێگریکردن لە کرداری بردنی ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن بیانکەن بە بارمتەی سیاسی و لەو ڕێگەیەوە سیستەمی نێودەوڵەتی هەراسان بکەن."
بەرەو گەیشتن بەو ئامانجە، لە 18ی مانگی نۆدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەپاندنی سزای بەسەر سەرۆکی پێشووی ئێران مەحمود ئەحمەدینەژاددا ڕاگەیاند بەهۆی دابینکردنی پشتیوانی بۆ وەزارەتی ئیتیڵاعات و ئاسایشی ئێران. هەروەها وەزارەتی ئیتیڵاعات و ئاسایشی ئێرانیش بەهۆی تێوەگلانی لە گرتنی بارمتە یان دەستگیرکردنی نایاسایی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی، لەوانە بەڕێز لێڤنسن، دەستنیشانکرا.
برایان نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ تیرۆریزم و هەواڵگری دارایی نووسیویەتی، "ئەم کردارەی ئەمڕۆ مەحمود ئەحمەدی نەژاد دەکاتە ئامانج بەهۆی ئەوەی ڕێگەی بە دەستگیرکردنی نایاسایی هاووڵاتیانمان داوە کە بووەتە هۆی ئێش و ئازارێکی زۆر بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان،"
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سنووردارکردنی ڤیزای بەسەر سێ بەرپرسی حکومەتی ئێراندا سەپاندووە کە دەستیان هەبووە لە گرتنی بارمتە یان دەستگیرکردنی نادادپەروەرانەی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی و بیانی، هەروەها دوو بەرپرسی گرتووخانەی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بلینکن وتی "هەموو ڕۆژێک بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ ئەوەی ئەم کردارەی [بارمتەگرتن] قورستر و قورستربێت و بارگرانی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانەی کە لەو کارەدا بەشداردەبن."