ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا،"ئێمە لای خۆمانەوە تیمێکی ئاست بەرز دیاری دەکەین کە یارمەتیدەربێت لە دانوستاندن و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی درێژخایەن و پەسەندکراوی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان."
کۆبوونەوەی شاندەکان لە ڕیاز بە سەرۆکایەتی مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگیێ لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، باڵاترین ئاستی کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەم چەندان ساڵەی ڕابردوودا کرابێت.
ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەردوولا لەسەر چوار خاڵی بنچینەیی ڕێککەوتوون، یەکەمیان گەڕاندنەوەی کارکردنی ئاساییە بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانیان.
خاڵی دووەم ئەوەیە؛ ئێمە لای خۆمانەوە تیمێکی ئاست بەرز دیاری دەکەین کە یارمەتیدەربێت لە دانوستاندن و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی درێژخایەن و پەسەندکراوی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. خاڵی سێیەم ئەوەیە لە ئاستێکی بەرزدا دەست بە کارکردن بکەین، دەست بکەین بە گفتوگۆکردن و بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە کردن لەو هاوکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەی کە ڕەنگە لە ئەنجامی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئۆکرانیادا بێتە ئاراوە.
وە دواخاڵ کە لەسەری ڕێککەوتین ئەوەیە کە لەکاتێکدا تیمەکانمان کار لەسەر هەموو ئەمانە دەکەن، ئەو پێنج کەسەی ئەمڕۆ لێرە بووین بەردەوامدەبین لە پرۆسەکەدا بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی بە شێوەیەکی بنیاتنەرانەدا بەڕێوەدەچێت."
مایکل واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوە کردەوە کە کۆتایی هاتنی شەڕ لە ئۆکرانیا دەبێت هەمیشەیی بێت نەک کاتی.
بڕیارە هەندێک گفتوگۆ لەسەر خاک و متمانەی ئاسایشی بکرێت. ئەمانە تەنها بنەما بنەڕەتییەکانن و دەبنە پشتیوانی بۆ هەموو جۆرە وتووێژێکیش. بەڵام پێموایە گرنگترین بەش ئەوەیە کە سەرۆک ترامپ خواستی خۆی، پابەندبوونی خۆی، بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە ڕاگەیاندووە، بۆ کۆتاییهێنان بەو کوشتنکاریەی بەردەوامە و کۆتاییهێنان بەو مردن و وێرانکارییە بەردەوامەی لەم شەڕەدا ڕوودەدات و مانگ لە دوای مانگ، مانگ لە دوای مانگ درێژەیان هەن.
ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت؛ ئەگەر شەڕی ئۆکرانیا بەو شێوەیە کۆتایی پێبێت کە بۆ هەموو لایەنەکان قبوڵکراو بێت، ئەوا ئەمەریکا و ڕووسیا دەست دەکەن بە دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە بەرژەوەندی هاوبەش و دەرفەتی هاوبەشیان هەیە.
"ئەو پرسانەی کە هیوادارین باش بن بۆ جیهان و هەروەها لە درێژخایەندا پەیوەندییەکانمان باشتر بکەن، کلیلەکەی کردنەوەی دەرگاکانە بەڕووی ئەم دەرفەتانەدا کە کۆتاییهێنانە بەم جەنگە."
ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، "هێشتا کار ماوە بکرێن". "ئەوەی ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی ڕێگەیەکی دوور و درێژ و سەختە. بەڵام هەنگاوێکی گرنگە."