ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن داوای لە حکومەتی ئێران کرد" کۆتایی بە سەرکۆتی بەردەوامی خانمان بهێنێت و ڕێگا بە ناڕەزایەتی بە ئاشتییانە بدات."
مەهسا ئەمینی تەمەن 22 ساڵانە ناسراو بە ژینا خەڵکی کوردستانی ئێران لە 13 ی مانگی نۆی ئەمساڵ سەردانی شاری تارانی کرد. لە دەمێکدا لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە مێترۆی تاران دەهاتە دەر، لە لایەن پولیسی ناسراو بە ئێرشاد بە هۆی پۆشینی حیجاب بە شێوەیەکی "نەگونجاو" دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی بەندیخانەی وزرا کرا. ئەو سێ ڕۆژ دواتر بە هۆی وەستانی مێشک گیانی لە دەستدا. میدیاکانی سەر بە دەوڵەت ئیدعای ئەوەیان کرد کە ئەمینی تووشی جەڵتەی دڵ بووە؛ بەڵام خێزانەکەی دەڵێت ژینا لە دۆخێکی تەندروستی تەواو باشدا بوو.
هادی قائێمی، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ناسراوی ڕێکخراوی ناحکومەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، گوتی ئەمینی "بە بیانووی یاسای حیجابی زۆرە ملێی حکومەت گیرا و ماوەیەکی کورت دواتر گیانی لە دەستدا.
حکومەت بەرپرسیاری مەرگی ئەو خانمە و دەیان ساڵ ئازار و ڕەنجپێدان، گرتن و زیان پێگەیاندنەکانی تری خانمان ئەویش لە ژێر پەردەی ئەم یاسایەی جیاوازی دانانە و نامرۆڤانەدایە."
سەبارەت بە ڕەفتاری کاربەدەستان دەرحەق بە ئەمینی خۆپێشاندانەکان لە گەلێک لە شارەکانی سەرانسەی ئێران و هەروەها لە تاران و ئوستانی کوردستاندا سەریانهەڵدا. خۆپیشاندانە بە ئاشتییەکان ڕووبەرووی زۆر بوونەتەوە، ئاژانسی پەیامنێری داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، واتا ڕێکخراوی چاودێری بە سەر پێشکارییەکان لە ئێران، ڕادەگەیەنێت لە ماوەی خۆپێشاندانەکاندا لانی کەم 54 خۆپێشاندەر کوژراون.
مەرگی ترسهێنەری ئەمینی لە دەمێکدا لە دەستی پۆلیسدا بوو لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکومکرا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە ڕاگەیەندراوێکی سەر تویتەردا گوتی، مەهسا ئەمینی دەبوایە ئەمڕۆ ژیابا. بەپێچەوانە، ئەمەریکا و خەڵکی ئێران لە پرسەی ناوبراودان. ئێمە داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کۆتایی بە سەرکۆتی بەردەوامی خانمان بهێنێت و ڕێگا بە ناڕەزایەتی بە ئاشتییانە بدات."
لە کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانییدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولیڤەن گوتی، "[مەرگی ئەمینی] کاردانەوەی سەرکوت و دڕەندەیی بە تەواوی ڕژێمێکە کە خانمێک کە تەنیا خوازیاری بەهرەوەرگرتن لە مافی سەرەتایی خۆی بوو لە ئەم ڕێگایەدا گیانی لە کیسدا."
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سولیڤەن ڕایگەیاند"ئەمەش لەگەڵ بەڵێنییەکانی هیچ وڵاتێک یەک ناگرێتەوە کە پابەندی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤە. و ئەمەش ئەو مەسەلەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە توندی و بە ڕاشکاوی لە دژی دەنگ هەڵدەبڕێت."