ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
جۆن کێربی ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی لە بەرەی دیپلۆماسیدا بە ڕژدی کاردەکات بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانن ڕێگری بکەن لە ڕوودانی هێرش لەلایەن ئێرانەوە. دەشڵێت "ئەگەر نەتوانین، ئەوا زۆر بە تواناوە لە بەرەی لەشکریدا کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی بۆی ئامادەین."
سێ هەفتە بەسەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرکردەیەکی باڵای حەماس لە تاران تێپەڕیوە – کارێک کە ڕژێمی ئێران ئیسرائیل بە بەرپرسیار لێی دەزانێت، و ئێران پەیمانی تۆڵەسەندنەوەی داوە.
لە مانگی چواردا، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی لە سوریا ئەنجام دا کە دوو ئەندامی پایە بەرزی سوپای پاسدارانی فەیلەقی قودسی کۆماری ئیسلامی کوشت، ئێران بۆ یەکەمجار، ڕاستەوخۆ بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل کە بەشێکی زۆری لە ڕێی بەرگرییەکانی ئیسرائیلەوە تەقێندرانەوە، ئەوەش بە هاوکاری ئەمەریکا و هاوبەشانی هەرێمی.
جۆن کێربی، ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا وتی لەم هەفتانەی دوایدا ئێران هەندێک ئامادەکاری کردووە و دەشێت هێرشێک بە ئاگادارکردنەوەیەکی کەم یان بێ ئاگادارکردنەوە ئەنجامبدات.
جۆن کێربی ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بە پەیامنێرانی وت " ئاشکرایە ئێمە زۆر زۆر لە نزیکەوە چاودێری ئەم دۆخە دەکەین." وتیشی " ئێمە لە ڕێگەی هاوتاکانمان و کەسانێکەوە کە پەیوەندی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێران هەیە، پەیاممان ئاڕاستەی ئێران کردووە ، وە بە دڵنیاییەوە ئێمە شێوازی خۆمان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هەیە، لە ڕێگەی ئامڕازەکانی ترەوە ... پەیامەکانمان نەگۆربوون: ئێمە نامانەوێت لێرەدا هەڵکشانێک ببینین، و پێمان خۆشە ڕێگری لە دەرئەنجامی هێرشی [ئێران] بکەین ."
ڕاوێژکار جۆن کێربی وتی سەرباری دیپلۆماسییەکی چڕوپڕ، ئەمەریکا ئاسایشی خۆی لە هەرێمەکەدا بەهێز کردووە، "بە توانای بەرگری و کەشتی و فڕۆکە و هەروەها توانای سەربازی دیکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەگەر ئێران رێگەی جۆرێک لە هێرشکردنە سەر [ئیسرائیل] هەڵبژێرێت ، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆی – بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و دامەزراوەکانمان و هاووڵاتیانمان، بەڵام هەروەها بەرگریکردن لە ئیسرائیلیش."
ڕاوێژکار کێربی ئاماژەی بەوەدا کە " ئەو وتارانەی لە تارانەوە دەدرێن لە بارەی ئەوەی نیازیان چییە، زۆر شەڕانگێزانەن. هەربۆیە دەبێت ئێمە ئەوە بە جددی وەربگرین ."
جۆن کێربی ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا وتی ڕوون نییە کە ئایا ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، یان ئایا هێرشێکی لەو جۆرە ڕەنگە چی بەدوای خۆیدا بهێنێت. وتیشی"هەر بۆیە ئێمە وا لە بەرەی دیپلۆماسیدا بە ڕژدی کاردەکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین رێگری لە ڕوودانی بکەین. وە ئەگەر نەتوانین، ئەوا زۆر بە تواناوە لە بەرەی لەشکریدا کاربکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ئامادەین بۆی و ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆی."