ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
ڕۆژی 3 ی مانگی هەشت، هەشتەمین ساڵیادی هێرشەکانی تێرۆریستانی داعشە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان لە باکوری عێراق. هەوڵی داعش بۆ وێرانکردنی ئێزدییەکان و کلتوری ئێزدییەکان بوو.
ڕۆژی 3 ی مانگی هەشت، هەشتەمین ساڵیادی هێرشەکانی تێرۆریستانی داعشە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان لە باکوری عێراق. هەوڵی داعش بۆ وێرانکردنی ئێزدییەکان و کلتوری ئێزدییەکان بوو. دڕندایەتی ئەو ڕووداوانە، کارەسات بوو بۆ ئێزدییەکان و هەروەهاش خاڵی وەرچەرخانیش بوو لە شەڕی دژی داعشدا.
ڕۆژی سێی مانگی هەشتی ساڵی 2014، تێرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شەنگال لە باکوری عێراق. دانیشتوانی شەنگال 90 هەزار کەسە و زۆربەشیان ئێزدین و ژمارەیەکی کەمی دانیشتوانەکەی شیعە ئاینزان.
ئێزدییەکان کە بە ئاین موسڵمان نین و کەمینەیەکی ئاینی و نەژادین؛ بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر بەهۆی بیروباوەڕی ئاینیانەوە و بە درێژایی مێژووشیان ڕووبەڕووی ئەمجۆرە هێرشانە بوونەتەوە لەلایەن لایەنی ترەوە.
کاتێک داعش کۆنترۆڵی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەریشی کرد، دەستبەجێ کەوتنە خاپورکردنی مەزارەکانی ئێزدییەکان و هەروەهاش سەربڕینی خەڵکی سیڤیلی ئێزدی؛ هەزاران کەسی ئێزدی، بەتایبەتی پیاوان و کوڕان کوژران لە کاتێکدا هەزاران کەسی تر بەتایبەتیش ژنان و کچانی ئێزدی ڕفێندران و کرانە سەبایا "کۆیلەی سێکسی" لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە.
لە سەرجەم ئەو 200 هەزار کەسە ئێزدیەی خانە و ماڵی خۆیان جێهێشت هاوکاتی هێرشەکەی داعش، نزیکەی 50 هەزار کەس چوونە چیای شەنگال؛ لەوێش چەکدارەکانی داعش گەمارۆیاندان و چواردەوریان گیرا. لە ماوەی سێ ڕۆژدا، دەیان ئێزدی کە دەکرێت بڵێین زۆربەی هەرە زۆریان منداڵ بوون، لە تینواندا گیانیان لەدەستدا. ئێزدییەکان پەیوەندییان دەکرد بە خێزانەکانیانەوە لە سەرانسەری جیهاندا بە ئەمەریکاشەوە و دەپاڕانەوە بۆ یارمەتیدانیان تا لەو گەمارۆیە دەرباز بکرێن.
ڕۆژی 4 ی مانگی هەشت، میری ئێزدییەکان داوای یارمەتی و کۆمەکی لە ڕێبەرانی جیهان کرد. ئەمەریکا وەڵامی هەبوو، دەستیکرد بە هێرشی ئاسمانی دژی توندڕەوانی داعش، پشتیوانی کرد لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و بە فڕۆکە خواردن و ئاوی دەگەیاندە ئێزدییەکان و هەروەهاش کاری لەگەڵ عێراقییەکان و هاوبەشەکانی تریشدا دەکرد.
ئەمە هەنگاوی یەکەم بوو کە بووە مایەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بۆ شکست پێهێنانی داعش و هەروەهاش سەرەتای کۆتاییهێنان بوو بە داعش. لە ناوەڕاستی مانگی دوازدەدا هێزە کوردییەکان قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکانیان دەستپێکرد بۆ دەرکردنی داعش لە شنگال و بەر لە کۆتایی ساڵ بەشێکی شنگال ئازاد کرا.
ڕۆژی 13ی مانگی یازدەی ساڵی 2015، یەک ڕۆژ پاش دووهەم هێرش، هێزەکانی کورد و ئێزدی بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان، بە تەواوەتی شەنگالیان لە داعش سەندەوە و کۆنترۆڵ کرایەوە.
شکست بە داعش هێنرا لە عێراق و لە سوریاشدا بەڵام لە ناونەچوو. شەڕی دژی داعش بەردەوامە؛ ئەمەش شەڕی نێوان شارستانیەتە دژ بە بەربەریزم. تا ڕووداوەکانی شەنگال لە هیچ شوێنێک وەها بە ڕوونی ئەم شەڕە دەرنەکەوتبوو.