ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
چەند کەسێکی کەم ماونەتەوە کە لە هۆلۆکۆست ڕزگاریان بووە، یان ئەوانەی دەرگای کەمپی مردنیان شکاند و سزادراوانیان ئازاد کرد. ئێستا ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە جارێکی تر ڕێگە نەدەین ڕق و دەمارگیری وەهامان لێبکات مرۆڤایەتیمان لە دەست بدەین و ڕێزگرتنمان بۆ ژیانی خەڵکی دیکە نەمێنێت.
ئەمساڵ بۆنەی هەشتاهەمین ساڵرۆژی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیە: کارەساتێک کە بووە هۆی مەرگی نزیکەی 70 بۆ 85 ملیۆن کەس کە 50 بۆ 55 ملیۆنیان کەسانی مەدەنی بوون.
لە کۆی ئەو ژمارەیە، 6 ملیۆنیان جووی ئەوروپایی بوون کە لە ئەڵمانیا و ناوچەکانی ئەڵمانیا داگیریکردبوون کۆکرانەوە و گوازرانەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەرکردن و کاری زۆرەملێ. لەوێ هەتا مردن کاریان پێکرا؛ یان لە برساندا مردن؛ یان لە تاقیگە و دامەزراوە پزیشکییەکاندا مردن کە تێیدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی پزیشکی جۆراوجۆر کرانەوە؛ یان ڕاستەوخۆ بە گازی ژەهراوی خنکێندران، تەنیا بەهۆی ئەوەی کە جوو بوون.
جگە لە جووەکان، ژمارەیەک کەمایەتی دیکەش کرانە ئامانجی لەناوبردن، لەوانە نەیاران و چالاکوانانی سیاسی، کۆمیونیستەکان، ڕۆشنبیر، قەرەجی ڕومانی، هاوڕەگەزخوازان و کەسانی کەمئەندامی هزری. بەڵام هیچ گروپێکی دیکە هێندەی جووەکان بە توندی و بەو ژمارە زۆرە، تەنها بەهۆی نەژادیانەوە سەرکوتنەکران .
لە ڕاستیدا لە سەرەتای ساڵی 1942 دا ، سەرکردایەتی نازییەکان ئەو شتەی بە فەرمی جێبەجێکرد کە ئەوان پێیان دەگوت "چارەسەری کۆتایی": واتە لەناوبردنی سیستماتیکی چینێکی دیاریکراوی دانیشتووان وەک سیاسەتی حکومەت.
ئەمڕۆ ئەو جینۆسایدەی کە ڕژێمی نازی لە دژی جووەکانی ئەوروپا ئەنجامدا بە هۆلۆکۆست ناسراوە.
لە 27 ی مانگی یەکی ساڵی 1944 دا ، هێزە چەکدارەکانی سۆڤیەت ئۆردوگای ئاوشڤیتزیان بۆ دەست بەسەرکردن و لەناوبردن لە باشووری پۆڵەندا ئازاد کرد. بەداخەوە وێڕای بڕێکی ئێجگار گەورەی بەڵگەی ئاوشڤیتز و تۆڕێکی بەرفراوان لە دامەزراوەی دیکەی لەو جۆرە؛ وێڕای گەواهیدانی بەرفراوانی ڕزگاربووان و گێڕانەوەی شایەتحاڵانی ئەو کەسانەی کە ئۆردوگاکانی دەست بەسەرکردن و مردنیان ئازاد کرد؛ کەچی هێشتا نکۆڵیکردن لە هۆلۆکۆست و شێواندنی بەردەوامە.
هەر بۆیە بیست ساڵ لەمەوبەر نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژەی دیاریکرد بۆ ئەوەی ساڵانە ڕێز لە ملیۆنان قوربانی جینۆساید بگیرێت: لە ساڵی 2005 ەوە، لە 27 ی مانگی یەکدا، زۆرێک لە وڵاتان بۆنەی ڕۆژی جیهانی یادکردنەوەی هۆلۆکۆست دەگێڕن. ڕۆژێکە بۆ ڕامان و یادکردنەوە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ فێرکردنی خەڵک سەبارەت بە هۆلۆکۆست بۆ ئەوەی هەرگیز ئەوە دووبارە نەبێتەوە.
هەشتا ساڵ، چوار نەوە بەسەر کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانیدا تێپەڕیوە. چەند کەسێکی کەم ماونەتەوە کە لە هۆلۆکۆست ڕزگاریان بووە، یان ئەوانەی دەرگای کەمپی مردنیان شکاند و سزادراوانیان ئازاد کرد. ئێستا ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە جارێکی تر ڕێگە نەدەین ڕق و دەمارگیری وەهامان لێبکات مرۆڤایەتیمان لە دەست بدەین و ڕێزگرتنمان بۆ ژیانی خەڵکی دیکە نەمێنێت.