ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
ساڵێک تێپەڕی بەسەر گیان لە دەستدانی ژنێکی گەنجی کوردی ئێران بە ناوی مەهسا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا.
ساڵێک تێپەڕی بەسەر گیان لە دەستدانی ژنێکی گەنجی کوردی ئێران بە ناوی مەهسا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا. ئەو بەهۆی لە سەرکردنی سەر پۆشەکەی بە شێوەیەکی نەشیاو دەستگیرکرابوو. ناڕەزایەتییەکانی دواتر کە ژنان و کچان ڕێبەرایەتیان دەکرد و برایان و باوکان و کوڕان بەشدارییان تێدا کرد، چڕترین و بەربڵاوترین خۆپیشاندانی دژە حکومەت بوو لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979ەوە.
ڕژیم بە شێوەیەکی دڕندانە وەڵامی خۆپێشاندانەکانی دایەوە، سەدان کەس کوژران؛ دەیان هەزار کەس دەستگیرکران و بەلایەنی کەم حەوت لەسێدارە دران.
لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی گیان لە دەستدانی مەهسا ئەمینی، سەرۆک جۆو بایدن وتی، "لە بەرامبەر بەردەوامی ستەم و توندوتیژی، هاووڵاتیانی ئێران پابەندن بەم بزووتنەوەیە و بە خەباتیان بۆ داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیک. ئێرانییەکان بە تەنها چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن، بەڵام ئەمەریکا هێشتا پابەندە بە وەستان لەگەڵیاندا."
بە ئاوڕدانەوە لە ساڵێ ڕابردوو، سەرۆک بایدن ئاماژەی بە هەڵمەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا کرد بۆ دەرکردنی حکومەتی ئێران کرد لە کۆمیسیۆنی تایبەت بە دۆخی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دروستکردنی دەستەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمەوە، ئەو هاوکارییەی ئەمەریکا پێشکەشی گەلی ئێرانی کردووە بۆ دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و خۆلادان لە سانسۆر. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەمەریکا زیاتر لە 70 کەس ولایەنی سزاداوە بەهۆی پشتگیریکردنیان لە ستەمکاری ڕژێم.
لە 15ی مانگی نۆدا، ئەمەریکا سزای زیاتری ڕاگەیاند کە بە وتەی سەرۆک بایدن ئامانجی "هەندێک لە پێشێلکارە قێزەوەنەکانی مافی مرۆڤی ئێرانن. "
ئەم دەستنیشانکردنانە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمەریکاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا وهاوبەشەکانی دیکە ڕاگەیەندراوە، 29 کەس و لایەن دەکاتە ئامانج لە پەیوەندی بە مردنی ئەمینی و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژێم بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان. دەستنیشانکردنەکان بریتین لە سەرکردەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ئێران، دوو کۆمپانیا کە هاوکارن لە سانسۆرکردنی ئینتەرنێت لەلایەن ڕژێمەوە، و چەندین ڕێکخراوی میدیایی کە لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ دەکرێن.
بە جیا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا هەنگاو دەنێت بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی ڤیزا بە سەر 13 بەرپرسی ئێرانی و کەسانی دیکەدا بەهۆی تێوەگلانیان لە "دەستبەسەرکردن یان کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە یان ڕێگریکردن لە مافەکانیان لە ئازادی ڕادەربڕین یان گردبوونەوە."
وەزیری دەرەوە بلینکن ئاماژەی بەوەکرد کە گەلی ئێران لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بەرەوڕووی "توندوتیژیەکی بێ وێنە بووەتەوە". و ڕاگەیاند ئەمەریکا "بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەنگاوە گونجاوەکان، شانبەشانی هاوبەشە نێونەتەوییەکانمان، بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە لەسەر مافەکانی مرۆڤ سەرکوتی ئێرانیەکان دەکەن."