ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
نۆ ساڵ تێپەڕیوە لەوەتای داعش هەڵمەتی جینۆسایدی دژی پێکهاتەی ئێزدی لە باکووری عێراق ئەنجامداوە.
نۆ ساڵ تێپەڕیوە لەوەتای داعش هەڵمەتی جینۆسایدی دژی پێکهاتەی ئێزدی لە باکووری عێراق ئەنجامداوە. لە 3 ی مانگی هەشت ماثیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی نووسراودا گوتی، "ئەمڕۆ قوربانییەکان یاددەکەینەوە و هاوسۆزین لەگەڵ ڕزگاربووانی جینۆسایدی ئێزدییەکان کە تیرۆریستانی داعش ئەنجامیانداوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی 2014 داعش دەستیگرت بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوان لە سوریا و عێراقدا. لە مانگی هەشتی هەمان ساڵ، هەر کە داعش شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری کۆنترۆڵکرد، بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستیکرد بە کوشتن و کۆیلەکردن و ڕفاندنی ئێزدییەکان بۆ لەناوبردنی خەڵکەکە و کولتوورەکەیان. هەزاران کەس کوژران یان ڕفێنران، کوڕانی منداڵ ناچارکران ببنە سەرباز و ژنان و کچان دەفرۆشران بۆ کۆیلایەتی سێکسی. وەک میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی پێکردووە، "تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون نادیارە، هەروەها دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بەردەوامە."
قەزای شنگال لەلایەن داعشەوە و بەهۆی هەوڵە سەرکەوتووەکانی دەرکردنی داعش، وێران بوو. دەیان هەزار ئێزدی ڕوویان لە کەمپەکانی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کرد و هەندێکیشیان بەرەو دەرەوەی وڵات ڕۆیشتوون. ژێرخانی قەزاکە لەناوچووە و دۆخی ئەمنی بە ناسەقامگیری ماوەتەوە بەهۆی بوونی میلیشیای جۆراوجۆر کە پشتیوانی لە گروپ و لایەنی جیاوازەکان دەکەن.
هەروەهاش ئاڵۆزیـیەکی سیاسی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرپابوو. لە ساڵی 2020 بۆ شکاندنی چەقبەستوویی و ڕەخساندنی زەمینە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لایەنەکان ڕێککەوتنی شنگالیان واژۆ کرد، کە ئامانج لێی دانانی بەرێوەبەرایەتییەکی نوێ و دەزگایەکی ئاسایشی بوو. تا ئێستا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە. میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای کرد ڕێکەوتنەکە لەگەڵ قانوونی ڕزگاربووانی ئێزدی"بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی شنگال بە ماڵی خۆیانی دادەنێن."
میلەر گوتی پشتگیری ئەمەریکا بۆ پێکهاتەی ئێزدی " نەگۆڕە". گوتیشی "ئێمە بەردەوامین لە فشارکردن لەپێناو دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ قوربانیان و ڕزگاربووان و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤی هەموو ئێزدییەکان، لەوانەش ئازادی ئایین یان باوەڕ. بە پەیڕەوکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە، وە چارەسەرکردنی هۆکارەکانی توندوتیژی، وە ڕێگریکردن لە جینۆساید و شتی تری دڕندەیی لە داهاتوودا، عێراق دەرفەتی ئەوەی هەیە ڕێبازێکی نوێ بگرێتەبەر کە ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هەموو پێکهاتەکانی."
وتەبێژ میلەر ڕایگەیاند: "بەم ڕێبازە، عێراق دەتوانێت ببێتە نموونەی ڕێزگرتنی یەکتر و پێکەوەژیان بۆ ناوچەکە و جیهان. ئێزدییەکان لەم هەوڵەدا یەکلاکەرەوەن. بۆیە لە کاتێکدا ئێمە یادی قوربانییەکان بە زیندووی دەهێڵینەوە و دان بە ڕزگاربووان و ئازارەکانیان دەنێن، ڕێز لە هێز و خۆڕاگری و ئیرادەی ئێزدییەکانیش دەگرین."