ئەم وتارەی لە دەنگی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕاوبۆچوونی حکومەتی ئەمەریکایە
ئەمڕۆ 16ی مانگی سێ، 35 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەساتبارترین کوشتنی هاووڵاتیانی سیڤیلی عێراق بە گازی ژەهراوی لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێن، سەرۆکی عێراق لەو سەردەمەدا.
ئەمڕۆ 16ی مانگی سێ، 35 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەساتبارترین کوشتنی هاووڵاتیانی سیڤیلی عێراق بە گازی ژەهراوی لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێن، سەرۆکی عێراق لەو سەردەمەدا.
لەو ڕۆژەدا لە ساڵی 1988 بۆمبهاوێژە عێراقییەکان بەسەر ئاسمانی هەڵەبجەدا بوون، ئەو شارۆچکەیە نزیکەی 60 هەزار کەسی تیادا دەژیا. بە درێژایی ئەو ڕۆژە بۆردومانی شارەکەیان کرد و دەرگا و پەنجەرەکان شکان و هاڕەیان کرد و خەڵکی ناچاربوون بچنە ژێرزەمینەکانەوە. هەر کە بوو بە ئێوارە، بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکان هەڵەبجەیان بە چەکێکی جیاواز بۆردومان کرد؛ بە گازی خەردەل و گازی دەمار و چەکی دیکەی کیمیایی. ئەو گازانە لە هەوا قورستر بوون، ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان ناو بیناکانی تەنی و ڕۆچووە نێو ئەو ژێرزەمین و پەناگانەی کە خەڵک لە ترسادا خۆیان تیادا حەشاردابوو.
نزیکەی 5 هەزار کەسی سیڤیل بەو ماددە کیمیاییە ژەهراویانە گیانیان لەدەستدا کە کران بەسەر هەڵەبجەدا. 10 هەزار کەسی دیکە کوێر بوون یان زیان بەر جەستیان کەوت و یانیش تووشی نەخۆشی بوون. لەو دەیان ساڵەی دوای کیمیابارانەکە هەزاران کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا بەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دووچاریان بوون. هەتا ئەمڕۆش ڕزگاربووانی کیمیابارانەکە بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، وەکو نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و منداڵ لەبارچوون و نەزۆکی.
بۆ دەیان ساڵ ڕژێمی عێراق هەوڵی دا دانیشتوانی کورد لە پارێزگاکانی باکووری وڵاتەکەدا سەرکوتبکات. کیمیابارانی هەڵەبجە بەشێک بوو لە شاڵاوی ئەنفال، ئەو جینۆسایدەی سەرۆک کۆماری عێراق سەدام حسێن بەرپایکردبوو، کە پێکهاتبوو لە چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کوردەکان، لە مانگی دوو هەتا مانگی نۆی ساڵی 1988 ئەو هێرشانە بەردەوامبوون، هەر لە مانگی سێی ئەو ساڵەدا سەدام حسێن هەستا بە دانانی عەلی حەسەن ئەلمەجید کە ئامۆزای خۆی بوو کرد بە بەرپرسی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەشکرییە. لە کۆتایی ئەو مانگەدا ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی عێراق فەرمانی ژمارە 160 ی دەرکرد و دەستی عەلی حەسەن مەجیدی واڵاکرد بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵمەتە.
تەنانەت پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی ئەنفال، عەلی حەسەن ئەلمەجید کە دواتر ناوی لێنرا عەلی کیمیایی، بڕیاری دا چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت بۆ نەهێشتنی مۆڵگەکانی بەرهەڵستکاران. لە تۆماری کۆبوونەوەیەکدا لە 26ی مانگی پێنجی ساڵی 1987 دا، عەلی کیمیایی ڕایگەیاند "هەموویان بە چەکی کیمیایی دەکوژم. کێ دەتوانێت قسەبکات؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟"
دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، عەلی کیمیایی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید دادگایی کرا، وە بە تاوانبار ناسرا و لە 25ی یەکی 2010 دا لە سێدارە درا. هەروەها سەدام حسێن کە هاندەری هەڵمەتی ئەنفال بوو، ئەویش بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تاوانبار کرا و لە ساڵی 2006 دا لە سێدارە درا.
کیمیابارانی هەڵەبجە بووە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی ڕژێمی سەدام حسێن. ئەو شارە کە لە مانگی حەوتی ساڵی 1988 وێرانکرا، لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی لە ساڵی 1991 ئاوەدانکردنەوەی دەستیپێکردەوە و ئێستا ژیان بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە و ماڵی نزیکەی 250 هەزار کەسە.